درێژەی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی واحید سوڵتانی لە پیرانشار

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پاش تێپەربوونی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی واحید سوڵتانی، لاویی ٢١ ساڵە خەڵکی گوندی خڕنج سەر بە پیرانشار، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە باری تەندرووستی، چارەنووس و شوێنی راگرتنی نییە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنیەتیەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بێ‌ بەڵگەو بڕیاری دادگا دەستبەسەریان کردووە. لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی راگرتن، باری جەستەیی و یاسایی و هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیان نییە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ کام لە دەزگا ئەمنیەتیەکان دەستبەسەرکردنی ناوبراویان لە ئەستۆ نەگرتووە، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەت، شوێنی راگرتن و پرۆسەی بەدواداچوونی دادوەریی دۆسیەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە بە درێژەی دەستبەسەری و بێ‌ئاگایی لە چارەنووسی واحید سوڵتانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بێ‌بەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە، دەستگەیشتن بە پارێزەر و ئاگاداربوون لە دۆخی یاسایی، پێشێلکردنی بنەما بنچینەییەکانی دادگایی دادپەروەرانە و مافە دەستنیشانکراوەکان لە یاساکانی ناوخۆ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بۆیە، هانا داوای ڕۆنکردنەوەی دەستبەجێی دۆخ و شوێنی راگرتنی واحید سوڵتانی، دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی بێ‌مەرجی بە پارێزەر و بنەماڵە، و ڕێزگرتنی تەواو لە مافە یاسایییەکانی لە هەموو قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و دادگایی دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین