ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ٢٦٢ مڵک و ماڵی تۆمەتبارانی دۆسیە ناسراوەکان بە “نیشتمانفرۆشی” دەستنیشانکراوه و دهستی به سهر دا گیراوە. ئەم هەنگاوە، لە ڕوانگەی مافی ناوخۆیی و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانەوە، فاقدی بنەمایەکی یاسایی ڕوونە و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.
لە مافی سزادانی ئێراندا، نازناوێکی سەربەخۆ و دیاریکراو بە ناوی «نیشتمانفرۆشی» وەک تاوان نەناسێنراوە. بەکارهێنانی دەستەواژەیەکی لەم شێوەیە وەک بنەمایەک بۆ سزادان یان دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک، لەگەڵ ئەسڵی یاساییبوونی تاوان و سزا ناکۆکە. بەپێی ئەسڵی ٣٦ی دەستوور و ماددەی ٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی، هیچ ڕەفتارێک بە تاوان دانانرێت و هیچ سزایەک جێبەجێ ناکرێت مەگەر بەپێی یاسایەکی ڕوون، پێشبینیکراو و بەرقەرار.
دەستبەسەرداگرتنی بەربڵاوی ماڵ و مڵکی کەسەکان پێش دەرچوونی حوکمی کۆتایی، پێشێلکردنی ئەسڵی بێتاوانی (البرائة)، مافی خاوەندارێتی و زەمانەتەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. ئەسڵەکانی ٢٢، ٣٧ و ٤٧ی دەستوور، کەرامەت، ماڵ، مافەکانی مرۆڤ، ئەسڵی بێتاوانی و خاوەندارێتی شەرعییان لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک پاراستووە، مەگەر لە چوارچێوەی یاسا و بە حوکمێکی باوەڕپێکراوی دادوەری.
لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتیشەوە، ئەم شێوازە لەگەڵ پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر چەتری پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بەتایبەت مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئەسڵی بێتاوانی و قەدەغەکردنی سزای هەڕەمەکی، لە دژایەتییەکی تونددایە. بەکارهێنانی نازناوە ناڕوونە ئەمنییەکان بۆ بێبەشکردنی کەسەکان لە ماڵ و مڵکیان، دەزگای دادوەری لە دامەزراوەیەکی زامنکاری دادپەروەرییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گوشاری سیاسی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرداگرتن یان زەوتکردنی ماڵ و مڵک لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕوون، سیاسی و فاقدی پێناسەی یاسایی، نموونەی دەستدرێژی هەڕەمەکییە بۆ سەر مافی خاوەندارێتی و پێشێلکردنی سەروەریی یاسایە. ئەم ڕەوتە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت و هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر ماڵی کەسەکان تەنیا دەبێت لەسەر بنەمای تۆمەتێکی یاسایی دیاریکراو، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، ڕەچاوکردنی مافی بەرگری و حوکمی کۆتایی دادگایەکی شیاو بێت.
