ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە پێی گەیشتوون و چاودێری بەردەوامی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاووڵاتییان، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە توندبوونی قەیرانی بژێوی، بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی ژیان و لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی لەسەر مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک دەردەبڕێت. بەڵگە بەردەستەکان نیشان دەدەن کە بەردەوامی دۆخی جەنگ، داڕمانی توانای حکوومڕانی ئابووری، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، گەشەسەندنی هەژاری و پەککەوتنی دەستڕەسی بە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی بەرفراوانی هاووڵاتییانی خستووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
ئەم بارودۆخە تەنیا قەیرانێکی ئابووری یان بەڕێوەبەری نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پابەندییەکانی دەوڵەتەوە هەیە لە بوارەکانی مافی بەهرەمەندبوون لە ئاستێکی گونجاوی ژیان، مافی خۆراک، مافی نیشتەجێبوون، مافی تەندروستی، مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پرەنسیپی قەدەغەکردنی جیاکاری. ئێران وەک وڵاتێکی ئەندام لە میساقی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ١٩٦٦، پابەندە کە مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی هاووڵاتییان بەپێی ماددەکانی ئەم میساقە دەستەبەر بکات. ماددەی ٢ی ئەم میساقە دەوڵەتەکان ناچار دەکات بە بەکارهێنانی زۆرترین سەرچاوە بەردەستەکان، بە شێوەیەکی پلەبەندی بەڵام کاریگەر، جێبەجێکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان مسۆگەر بکەن. ئەم پابەندییە لە کاتی قەیرانیشدا لەناو ناچێت و دەوڵەت هێشتا ئەرکی لەسەر شانە کە کەمترین پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆیی، بەتایبەت بۆ توێژە لاوازەکان، بپارێزێت.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکانی هانا، تێپەڕبوونی هێڵی هەژاری لە سنووری ٧٠ ملیۆن تمەن و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان، دەستڕەسی زۆرێک لە بنەماڵەکانی بۆ کەمترین ستانداردەکانی ژیانێکی شایستە بەتەواوی سنووردار کردووە. ئەم دۆخە، بەتایبەت بۆ کرێکاران، خانەنشینان، ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان، منداڵان، بەساڵاچووان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بێکاران، خێزانە کەمداهاتەکان و دانیشتووانی ناوچە بێبەشەکان، کاریگەری توندتری هەیە. لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، دەوڵەت نەک هەر دەبێ لەو سیاسەتانەی کە دەبنە هۆی بێبەشبوونی بەرفراوانی خەڵک لە پێداویستییە سەرەکییەکان دوور بکەوێتەوە، بەڵکوو دەبێت بە گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە، ئامانجدار و پێوانەبۆکراو، ڕێگری لە کەوتنی زیاتری هاووڵاتییان بۆ ناو هەژاری و نائەمنی بژێوی بکات.
بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان و کەلوپەلە پێویستەکانی دیکە، هێزی کڕینی بنەماڵەکانی بە توندی کەم کردووەتەوە و ئاسایشی خۆراکی کۆمەڵگەی خستووەتە مەترسییەوە. مافی هەبوونی خۆراکی گونجاو، لە ماددەی ١١ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان وەک بەشێک لە مافی بەهرەمەندبوون لە ئاستێکی گونجاوی ژیان ناسێندراوە. لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ١٢دا جەختی کردووەتەوە کە مافی خۆراک تەنیا بە واتای وەرگرتنی کەمترین کالۆری نییە، بەڵکوو پێویستی بە دەستڕەسی فیزیایی و ئابووری بەردەوام هەیە بۆ خۆراکی تەواو، تەندروست، پەسندکراو و گونجاو لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤ. بۆیە کاتێک هەڵاوسان، دابەزینی داهاتی ڕاستەقینە و ناسەقامگیری بازاڕ دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانەکان نەتوانن خۆراکی پێویست و گونجاو دابین بکەن، بابەتەکە لە ئاستی گرانی تێدەپەڕێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر مافی بنەڕەتی خۆراک.
لە کەرتی نیشتەجێبووندا، بەرزبوونەوەی توندی تێچووی بارمتە و کرێ، بەشێکی گەورەی بنەماڵەکانی ڕووبەڕووی مەترسی گواستنەوەی زۆرەملێ، ناسەقامگیری نیشتەجێبوون، قەرزداری، پەراوێزنشینی یان بێبەشبوون لە نیشتەجێبوونی گونجاو کردووەتەوە. ماددەی ١١ی پەیماننامە، مافی بەهرەمەندبوون لە نیشتەجێبوونی گونجاو وەک یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئاستی گونجاوی ژیان دەناسێنێت. لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە لێکدانەوەی گشتی ژمارە ٤دا ڕوونی کردووەتەوە کە نیشتەجێبوونی گونجاو تەنیا بە واتای هەبوونی سەقفێک لەسەر سەر نییە، بەڵکوو دەبێت لە ڕووی ئاسایشی خاوەندارێتی، توانای پێدانی تێچوو، دەستڕەسی بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، توانای نیشتەجێبوون، شوێنی گونجاو و کەرامەتی مرۆییەوە پەسندکراو بێت. بەرزبوونەوەی بێسەروبەری کرێی خانوو، باوبوونی بڕە پارە قورسەکانی بارمتە و نەبوونی پاڵپشتی کاریگەر بۆ کرێنشینە کەمداهاتەکان، نیشان دەدات کە مافی نیشتەجێبوون لە کرداردا بۆ بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییان لە لاوازبووندایە.
بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەر، دەرمان، بیمە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش مافی بەهرەمەندبوون لە بەرزترین ستانداردی دەستکەوتووی تەندروستی لەگەڵ سنووردارکردنی جدی ڕووبەڕوو کردووەتەوە. ماددەی ١٢ی پەیماننامە، دەوڵەتەکان پابەند دەکات کە بارودۆخێک بڕەخسێنن کە هەموو کەسێک بتوانێت لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەستڕەسپێکراوەکان، هەرزان و بێ جیاکاری سوودمەند بێت. لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە لێکدانەوەی گشتی ژمارە ١٤دا جەخت دەکاتەوە کە مافی تەندروستی تەنیا بە چارەسەری پزیشکی سنووردار نابێت، بەڵکوو هۆکارە بنەڕەتییەکانی تەندروستی لەوانە خۆراک، نیشتەجێبوون، ئاوی پاژ، بارودۆخی ئابووری و دەستڕەسی ڕاستەقینە بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانیش دەگرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کاتێک بەرزبوونەوەی تێچووەکان، خەڵک لە چوون بۆ لای پزیشک، کڕینی دەرمان، پێدانی بیمە یان بەردەوامبوون لە چارەسەر پەک دەخات، دەوڵەت لەگەڵ مەترسی پێشێلکردنی جدی پابەندییەکانی لە بواری مافی تەندروستیدا ڕووبەڕووە.
هاوکات، زیادبوونی تێچووە گشتییەکان، کەمبوونەوە یان ڕاوەستانی چالاکیی هەندێک یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی، بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی بیناسازی و کاڵا خۆڕاگرەکان، دروستبوونی بازاڕی نائاسایی بۆ هەندێک کاڵا لەوانە سووتەمەنی، و سنوورداربوونی دەستڕەسی بە پارەی کاش لە بانکەکاندا، نیشانەیەکەن لە گەشەسەندنی ناسەقامگیری پێکهاتەیی لە ئابووری ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا. ئەم ناسەقامگیرییە، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر مافی کار، مافی بەهرەمەندبوون لە بارودۆخی دادپەروەرانە و گونجاوی کار، مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی پارێزگاری لە بەرامبەر هەژاری و بێکاریدا. ماددەی ٩ی پەیماننامە، مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە فەرمی دەناسێنێت و لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە لێکدانەوەی گشتی ژمارە ١٩دا جەختی کردووەتەوە کە ئەم مافە دەبێت پارێزگاری لە کەسەکان بکات لە بەرامبەر لەدەستدانی داهاتی ناشی لە بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتەیی، بەساڵاچوویی، تێچووەکانی چارەسەری پزیشکی و نەبوونی پاڵپشتی خێزانی گونجاو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە لە بارودۆخی قەیرانی ئابووریدا، دەوڵەت ناتوانێت بە ئاماژەدان بە کەمیی سەرچاوەکان یان بارودۆخی جەنگ، لە بەرپرسیارێتی مافی مرۆیی خۆی ڕزگار بێت. بەپێی لێکدانەوەی گشتی ژمارە ٣ی لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، دەوڵەتەکان تەنانەت لە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی پلەبەندی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، خاوەنی پابەندیی بەپەلەن؛ لەوانە پابەندی بە نەبوونی جیاکاری، گرتنەبەری ڕێکاری دیاریکراو و بەکارهێنانی زۆرترین سەرچاوە بەردەستەکان بۆ دەستەبەرکردنی کەمترینە بنەڕەتییەکانی مافەکان. هەر بۆیە، کەمبوونەوەی دەستڕەسی خەڵک بۆ خۆراک، نیشتەجێبوون، چارەسەری، بیمە، سووتەمەنی، پارەی کاش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، لە ئەگەری نەبوونی سیاسەتی قەرەبووکردنەوەی کاریگەر و دادپەروەرانە، دەبێتە نیشانەیەک بۆ پێشێلکردنی بەرفراوان و پێکهاتەیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
پرەنسیپی قەدەغەکردنی جیاکاریش لەم بوارەدا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. ماددەی ٢ بڕگەی ٢ی پەیماننامە، دەوڵەتەکان پابەند دەکات کە جێبەجێکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بێ جیاکاری دەستەبەر بکەن. لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە لێکدانەوەی گشتی ژمارە ٢٠دا، قەدەغەکردنی جیاکاری بە پابەندییەکی بەپەلە و گشتگیر زانیوە. بۆیە، سیاسەتە ئابوورییەکان، دابەشکردنی سەرچاوەکان، پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان، دەستڕەسی بە کاڵا پێویستەکان، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، سووتەمەنی، نیشتەجێبوون و پارەی کاش دەبێت بە شێوەیەک دابڕێژرێن و جێبەجێ بکرێن کە توێژە لاوازەکان، ناوچە پەراوێزخراوەکان و کۆمەڵگە بێبەشەکان زۆرترین زیانیان بەرنەکەوێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەردەوامی ڕەوتی ئێستا دەبێتە هۆی لێکەوتەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بەرفراوان. هەژاریی توند، نائەمنی خۆراکی، ناتوانی لە پێدانی کرێ، بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی، کەمبوونەوەی دەستڕەسی بە دەرمان، بێکاری، قەرزداری بنەماڵەکان و ناسەقامگیری دارایی، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە قەیرانی بژێوی گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ. مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان مافی پلە دوو یان تەنیا داخوازی خۆشگوزەرانی نین؛ ئەم مافانە بەشێکن لە پابەندییە ئیلزامییەکانی دەوڵەتان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیان، کەرامەت، تەندروستی و ئاسایشی مرۆیی هاووڵاتییانەوە هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە ناوەندە بەرپرسەکان دەکات کە بە شێوەیەکی بەپەلە، ڕوون و شیاوی هەڵسەنگاندن ئەم ڕێکارانە بخەنە ئەولەویەتی کارەکانیانەوە: کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە کاڵا سەرەکییەکاندا؛ دەستەبەرکردنی دەستڕەسی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان؛ پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ خێزانە کەمداهاتەکان؛ کۆنترۆڵکردنی کاریگەری کرێی خانوو و ڕێگری لە بێماڵیی؛ بەهێزکردنی سیستەمی بیمە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی؛ دەستەبەرکردنی دەستڕەسی خەڵک بۆ پارەی کاش و خزمەتگوزارییە بانکییەکان؛ چاودێریکردنی بازاڕە نائاساییەکان و گەندەڵی؛ و بڵاوکردنەوەی زانیاری گشتی سەبارەت بە نرخەکان، کۆگاکانی کاڵا سەرەکییەکان و سیاسەتە پاڵپشتییەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها جەخت دەکاتەوە کە شەفافیەت، وەڵامدەرەوەبوون و بەشداری گشتی، بەشێکی دانەبڕاون لە پابەندییەکانی دەوڵەت لە بواری مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا. هاووڵاتییان مافی خۆیانە بزانن سەرچاوە گشتییەکان چۆن خەرج دەکرێن، چ سیاسەتێک بۆ پاڵپشتی لە توێژە لاوازەکان گیراوەتە بەر و چ میکانیزمێک بۆ سکاڵا، قەرەبووکردنەوە و چاودێری سەربەخۆ هەیە. بێبایەخکردنی دۆخی ئێستا، نەک هەر قەیرانی ئابووری توندتر دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی بێبەشبوونی بەرفراوانتر، نایەکسانی قووڵتر و پێشێلکاری سیستماتیکی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لیستی گۆڕانکارییەکانی نرخ لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا وەک پاشکۆی ئەم ڕاپۆرتە بڵاو دەکاتەوە تاوەکوو ڕەهەندە عەینی و ڕۆژانەکانی قەیرانی بژێوی بۆ ڕای گشتی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان ڕوونتر بێتەوە.
پاشکۆ: لیستی گۆڕانکارییەکانی نرخ لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا
نرخی ئەم دواییەی پێداویستییەکانی ناوماڵ (١٠ رۆژی رابردوو):
مریشک: لە ٢٩٠وە بۆ ٣٤٠
برنجی پاکستانی (هەر ١٠ کیلۆ): لە ٢,٥٠٠وە بۆ ٣,٠٠٠ ملیۆن
برنجی هیندی: لە ١,٩٠٠وە بۆ ٢,٤٠٠ ملیۆن
برنجی ئێرانی: لە ٤,٥٠٠وە بۆ ٦,٠٠٠ ملیۆن
گۆشتی سوور: ١,٣٠٠ بە ١,٣٠٠ (بێ گۆڕانکاری)
ڕۆنی ٥ کیلۆیی: لە ١,٦٠٠وە بۆ ٢,٠٠٠
ماکەرۆنی (هەر کارتۆنێک/پاکەتێک): لە ٥٠وە بۆ ٧٥
شەکر: لە ٩٠وە بۆ ١٠٠
هێلکە (هەر تەبەقەیەک): لە ٣٠٠وە بۆ ٥٠٠
مۆز (هەر کیلۆ): ٤٠٠
نان (هەر دانەیەک): ١٠٠٠
چەند نموونەیەک لە گرانیی کەلوپەلی ناوماڵ و کەرەستەی ساختمان پێش و دوای جەنگ:
کاشی (هەر مەتر): لە ٦٠٠وە بۆ ١,٢٠٠ هەزار
پەکێج: لە ٤٠وە بۆ ٨٠ ملیۆن
دەرگا: لە ١٧وە بۆ ٣٥ ملیۆن
فەرشی ١٢ مەتری: ٦٠ ملیۆن
سەلاجە (بەفرگر): لە ٩٠ ملیۆن بەرەو سەرەوە
تەلەفزیۆن: ٨٠ ملیۆن
چیمەنتۆ (هەر کیسەیەک): ٣٢٠ هەزار تمەن
شیشی ساختمان (هەر کیلۆ): ٧٥ هەزار
پەنجەرەی PVC (هەر مەتر): لە ٣٠٠وە بۆ ١,٢٠٠
زیادبوونی تێچووەکان:
بینینی پزیشک (وەزیت): لە ٣٢٠وە بۆ ٧٨٠
بیمە: لە ٤وە بۆ ٦,٨٠٠ ملیۆن
کرێی خانووێکی ١٠٠ مەتری: لە ٧ ملیۆنەوە بۆ ١٥ ملیۆن
نرخی ئۆتۆمبێلیش بەهۆی کەمیی ئاسنەوە دوو هێندە بووە؛
بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێک کە ٣٠٠ ملیۆن بوو، بووە بە ٧٠٠ ملیۆن.
دەنا پلاس: ٢,٧٠٠
سەمەند: ١,٧٠٠
بەنزین لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتووەتە ٤٠ تا ٥٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک.
