ناڕوونی لە چارەنووسی «ئارام ئەسغەری» پاش تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە لە شاهیندژ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووەتەوە کە: زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەک بە ناوی «ئارام ئەسغەری»، کوڕی محەمەد ڕەحیم و خەڵکی گوندی «قوزلو» سەر بە ناوچەی ناوەندیی شاری شاهیندژ تێپەڕبووە، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی دەستگیرکردنەکەی لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی هێشتا نادیارە..
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێشتر لە کاتژمێر ٤ی بەیانی، لە ماڵی باوکی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی ئەنجام دراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تاکو ئێستا، خێزانی ئەم هاووڵاتییە هیچ پەیوەندییەک یان چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئەو نەبووە و هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگرتنی ئەو بەردەست نییە
