ئێعدامەکان لە سێبەری شەڕدا، چڕتر بونەوەی شەپۆلی بێبەشکردنی ژیان لەگەڵ داڕمانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ئێران

هانا: ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هەواڵی لەسێدارەدانی حەمید وەحیدی و محەمەد مەعسومەی شاهی بە تۆمەتی “سیخوڕی” بڵاوکردەوە. ئەم لەسێدارەدانە جارێکی تر ئەوە دەردەخەن کە کۆماری ئیسلامی لە کەش و هەوای شەڕ و ئەمنیدا سزای لەسێدارەدان بەکار دەهێنێت وەک ئامرازێکی تۆقاندن و سەرکوتکردن نەک لە چوارچێوەی دادگاییەکی یاساییدا .

بەپێی بانگەشەی دەزگا حکومیەکان، ئەم دوو زیندانییە لە ڕێگەی فەزای ئیلێکترۆنی و هەروەها گەشت بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل هەبووە و بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە گشتی و سەربازییەکان لە تارانمەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون و پشتڕاستکراوە سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردن، کوالیتی بەڵگەکان، شێوازی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە، دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری سەربەخۆ، یان ئەگەری بەرگری کاریگەرانەیان بڵاونەکراوەتەوە.

تۆمەتەکانی وەک «محاربە»، «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن»، «کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» و «چالاکی پڕوپاگەندەیی دژ بە سیستەم» لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار لە پەروەندە ئەمنیەتییەکاندا بۆ ڕەواکردنی سەرکوتی دادوەری بەکار هاتوون. لەم پەروەندەشدا، نەبوونی شەفافیەتی تەواو لە ڕەوتی دادپەروەری، گومانی یاسایی جددی لەبارەی جێبەجێکردنی سزاکە دروست دەکات. تەنانەت بە پشتبەستن بە یاسا ناتەواو و سنووردارەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی، سەندنی ژیان بەبێ ڕێزگرتن لە کەمترین گەرانتییەکانی بەرگری، نیشانەیەکی ئاشکراى شکاندنی دەسەڵاتی یاسا و بێ‌بایەخی دادپەروەرییە.

لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە دوای شەپۆلێکی پەرەسەندنی لەسێدارەدان دێت لە چوارچێوەی گرژییە سەربازی و ئەمنییەکان؛ پڕۆسەیەک کە کۆماری ئیسلامی بە پەنابردن بۆ تۆمەتە گشتی و ناڕوونەکان، کەشوهەوای شەڕی کردۆتە بەرگێک بۆ چڕکردنەوەی سەرکوت و نەهێشتنی گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەنگدانەوەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانە وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵات لەڕێگەی ترسەوە، نەک دەرئەنجامی پرۆسەیەکی دادوەری سەربەخۆ و دادپەروەرانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین