گەلاوێژ دەروێشپوور کارناسی باڵای زمان و ئەدەبییاتی فارسی، مامۆستای دەبیرستانەکانی پیرانشار و چالاکی مەدەنی، بە هۆی زەخت و زۆری هێزە ئەمنییەکان، وێڕای دوو منداڵی ناچار بوو ئێران بەجێبێڵێ.
گەلاوێژ دەروێشپوور دانیشتووی پیرانشار و لە مامۆستایانی دڵسۆزی دەبیرستانەکانی ئەم شارە و بە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێشینەی کار و وانە وتنەوە، لە ئەندامانی دێرینی ئەنجومەنی ئەدەبی ئەو شارە و هەروەها ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری “ڕێکخراو بۆ منداڵان” بووە. ئەو دوای چوونەدەری هاوسەرەکەی، فایەق ڕەسووڵی (چالاکی مەدەنی)، لە سەرەتای ژانوییە ٢٠٢٤، کە پێشتر گەلێک جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە داوا کرا و هەڕەشەی لێ کرابوو، بەرەوڕووی گوشار و هەڕەشەی ئەمنی زیاتر بۆوە.
لە کاتی دوایین لێپرسینەوەی گەلاوێژ دەروێشپوور لە ڕێکەوتی ٢٣ی دیسەمبری ٢٠٢٥، مەئموورانی ئەمنی بە ڕاشکاوی بە هۆی ئەوەی لە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسڕائیل و حکومەتی ئیسلامی ڕوانی بوو و خوێندبۆوە، تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسڕائیلی درابووە پاڵ.
شایانی باسە لە لێپرسینەوەکانی ئەم دواییانەدا، هاوسەری ناوبراو، فایەق ڕەسووڵی بە هۆی لەقاودانی و دژایەتی حکومەتی ئیسلامی تۆمەتی “محاڕبە”ی درابووە پاڵ.
ئەم زەخت و زۆرانە بە گشتی لە کۆتاییدا گەلاوێژ دەروێشپووری ناچار بەوە کرد وێڕای دوو منداڵەکەی زێدی و شوێنی ژیانی خۆ بەجێبێڵێ.
