گیانلەدەستدانی نادر (شێردڵ) جامەشورانی بەندکراوی کورد پاش ٢٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، نادر (شێردڵ) جامەشورانی بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشان دوای مانەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان (دیزڵاوا) گیانی لەدەستداوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیە بانگهێشتی پزیشکی دادی کرماشان کران و ئاگادار کرانەوە کە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان جەڵدە (سەکتە) بووە. بەڵام بنەماڵەی جامەشورانی ئەمەیان ڕەتکردۆتەوە و مردنەکەیان بە گوماناوی زانیوە و ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو هیچ پێشینەیەکی نەخۆشیەکی نەبووە.

بە وتەی کەسانی نزیک لە بنەماڵەکەی ئەم بەندکراوەیە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ پاسەوانانی بەندیخانەکەدا توشی شەڕ بووە و چەندین جار لێدراوە و ئەشکەنجە کراوە، کە لە هەندێک حاڵەتدا بە سەختی بریندار کراوە و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

شایانی باسە، نادر جامەشورانی تەمەن ٣٩ ساڵ، نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “دزی” لە دوکانێکی زێڕنگری لە شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و حوکمی بەندکرانی درێژخایەن و دەستبەسەرداگیرانی داراییەکانی بەسەردا سەپێندرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین