رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) فەردەیدون روستەمی کارمەندی شارەوانی شارۆچکەی کانی دیناری سەر بە شاری مەریوان، لە ئەنجامی گوشاری بەردەوام و هەڵسوکەوتی نابەجێی کارمەندانی حەراسەتی شارەوانی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوکارانی بەڕێز ڕوستەمی دەستبەجێ دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە بە بەکارهێنانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ژیانی ڕزگار بکەن.
ئەم سەرچاوەیە زیاد کرد، بەڕێز روستەمی لەم مانگانەدا لە ژێر گوشاری هەڵسوکەوتی نابەجێ لە لایەن شیما محەمەدی کارمەندی حەراسەتی شارەوانی و کچی کەریم محەمەدی لە هێزەکانی ئیدارەی ئیەڵاعاتی مەریوان بووە.
بە پێی زانیاریەکانی هانا، فەرەیدون روستەمی نزیک شەش مانگ لەمەوبەر لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئەم کارمەندە ئەمنیەدا لە کارەکەی دەر کراوە و دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان ئەو دووبارە براوەتەوە سەر کارەکەی، بەڵام کاری پێشوویی لە بەشی دەبیرخانە پێنەدراوە بەڵکوو وەک کرێکار دامەزراوە. لە ڕۆژانی ڕابرردووداش ئەم شارۆمەندە ناچار کراوە هەندێک کار وەک گسک لێدان لە شوێنە گشتیەکانی ناوشار ئەنجام بدات.
بە گوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوەیە، بەڕێز روستەمی پێشتر بە هۆی دەرکرانیەوە لە کارەکەی، بنەماڵەکەی توشی کێشەی قوڵی ژیان و کوزەران بوون و هاوسەرەکەی بەم بۆنەوە ناچار بووە کۆرپەکەی لە بار ببات.
شایانی باسە تا ساتی ئامادە کرانی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیاریەک لە سەر بارودۆخی فەرەیدون روستەمی لە بەردەستدا نیە.
