بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ١٤٠٤(١ی ئۆکتۆبری ۲۰۲٥) سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی “مێهرداد شەهیدی و سەعید ئەمیری” هەر دوو خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی دیزڵاوا جێبەجێ کراوە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم دوو بەندکراوەیە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست” دەستبەسەر و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ۱٤۰٤، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “غوڵامعەلی نازاریان” خەڵکی کرماشان، لە زیندانی دیزڵاوا جێبەجێ کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بەندکراوەیە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
شایانی باسە لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ۱۱ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون .