بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، نەریمان رندانی تەمەن ٣٥ ساڵ، چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز، بۆ جاری سێهەم لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ کاژێر شەشی بەیانی هێزە ئەمنییەکا بە شێوەی خۆسەرانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی ئەم شارۆمەندە دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایاگوێزاوە.
هەروەها براکەی نەریمان، میلاد رندانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای لێدان و ئەشکەنجەی قورس لە گرتنگە، لە کۆتاییەکانی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە.
نەریمان رندانی لە رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە شێوەی خۆسەرانە لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئەمنیەتی لە شاری بانە ڕاگوێزرا و پاشان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گوڵانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، نەریمان رندانی لە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ١٤٠٣، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەرچوونی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستبەسەر و دواتر بۆ گرتنگی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاشان ڵە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەس ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملوێن تمەنی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.