ڕاپۆرتی هانا لە سەر شەپۆلی نوێی بانگ کردن و هەڕەشە کردن لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی ، سیاسی و مافی مرۆڤیان بە شێوەی نایاسایی بانگ کردووە لە سەر ئەنجامدانی هەرجۆرە چالاکیەکی سیاسی وەک نوسینی بابەت ، وتووێژ و هەر جۆرە لێدوانێک بە دەر لە چاوەدێری دامودەزگا ئەمنییەکان بە تایبەت لێکەوتەکانی سیاسی و ئەمنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ، هەڕەشەیان لێکردوون .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی لە درێژەی سەرکوتی سیستماتکی حکومەت لە شارەکانی کوردستان لە کەشی دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران ، بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی بانگ کراون و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە .
بە پێی لێدوانی شایەتحاڵان ، لە ئیدارەکانی ئیتڵاعات لە شارەکانی کوردستان ، هێزە ئەمنییەکان بەڵێننامەی نوسراویان بە چالاکانی سیاسی و زیندانیانی سیاسی پێشوو نوسیوە کە ناوەرۆکی یاساییەکەی نادیارە و ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکیەکی سیاسیان لە ئەوان قەدەغە کردووە .

شایانی باسە دوابەدوای شکستە ئەمنییەتی و سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل ، شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی توندوتیژانە لە دژی شارۆمەندان لە شارەکانی ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان و تەنانەت لە دژی کۆڵبەران دەستیپێکردووە .

بە پێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتیەکان ، کۆماری ئیسلامی دوای هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی حاکمییەتی خۆیی لە سەر ئاسمان لە دەستداوە و ئاسمانی ئێران لە کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدایە .

جیا لە لەدستدانی ئاسمانەکەی ، دامودەزگا ئەمنییەکان لە ژێر کاریگەری ئیسرائیلدایە و بە بیانوویی دەستبەسەر کردنی کەسانی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە ، شارۆمەندان بە کۆمەڵ و بەبێ هیچ جۆرە گەرەنتیەکی دادگایی کرانی دادپەروەرانەیەک ، دادگایی دەکات .

بانگ کرانی کەسەکان لە لایەن ئیدارەکانی ئیتڵاعاتەوە نایاسایی و بە شێوەی تەلەفۆنی ئەنجام دراوە . بانگ کردنەکان تەنانەت بە پێی فەسڵی سێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی نایاسایی و پێشێلکاری مافە بنەڕەتیەکانی شارۆمەندانە .
لەگەڵ ئەمەش بە پێی بڕیاری رێکەوتی ١٩ی ٧ی ١٣٨٣، ژمارە ٣٣٦ی دادگای دادپەروەری ئیداری ، بڕیارنامەکەی وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە بانگ کردنی تاکەکان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەبێ فەرمانی دادگا لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەر نییە و لەم بەروارە بە دواوە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێکی دادوەری شارۆمەندان بانگ دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم شەپۆلە نوێیەی بانگ کردنی نایاسایی شارۆمەندان لە شارەکانی کوردستان ، نیگەرانی قوڵی لە جێبەجێکردنی یاسای نوێی زیادکردنی سزادانی سیخوڕی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامییەوە هەموار و پەسەندکرا ، دەردەبڕێت .
ئەم یاسایە کەموکوڕی زۆری هەیە و بە شێوەیەکی زیادەڕەوی و ناڕوون نموونەی سیخوڕی فراوانتر کردووە و بە تاوان ناساندووە . لە یاسای تاوانەکاندا ئەم جۆرە یاسادانانە پێی دەوترێت تاوانبارکردنی گەشەپێدراو .

ئەم جۆرە یاسادانانە تایبەتە بە حکومەتە تۆتالیتارییەکان کە بە بەکارهێنانی میتۆدی یاسادانان هەوڵ دەدەن تا دەتوانن مەودای تاوانەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت فراوان بکەن . بۆ نموونه حکومەتی پێشووی سوریا له ماوەی دوایین ساڵەکانی حوکمڕانییدا نموونەکانی تاوانه تاوانکارییەکانی بەرامبەر به ڕژێمی ئەسەدی به شێوەیەکی بەرفراوان فراوانتر کرد و هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی شارۆمەندانی له بەرامبەر ڕژێمدا به تاوان هەژمار دەکرد .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە شێوەی تایبەت لێکۆڵینەوە و چاوەدێری  بار و دۆخی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان بە تایبەتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە دەکات و بەردەوام لەمبارەوە زانیاری بڵاو دەکاتەوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین