کۆڵبەری لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیدا دانپێدانراو نیە بەم بۆنەوە هیچ پارێزگاریەکی یاسایی لە یاساکانی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆڵبەران بوونی نیە کە سەرەڕای سەرجەم مەترسیەکی گیانی ، لە بواری بژیوی ژیانیش ڕووبەڕووی دژواریەکی وەسف نەکراو دەبنەوە .
دوابەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دانانی یاسا شەرعییەکان و هەروەها سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان ئێران لە سیستەمی بازرگانی جیهانی دوور خرایەوە و شارۆمەندانی ئێرانیش چیتر ڕاستەوخۆ دەستیان بە کاڵا و کەرستە جیهانیەکان نەگەیشت .
لە لایەکی دیکەوە نەبوونی ژێرخانی ئابوری شیاو و بە ئەمنییەتی سەیر کردنی کوردستان لە لایەن حکومەتەوە ، بووەتە هۆکاری بێکاری بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی پارێزگاکانی ورمێ ، سنە ، کرماشان و ئیلام کە سەرەکیترین سەرچاوەی دەست خستنی بژیوی ژیانیان کۆڵبەرییە .
کۆڵبەرەکان بەردەوام هەڕەشەی گیانیان لە سەرە لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی و ڕووداوی سرووشتی وەکوو کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان ، بەستەڵەک ، سەرمابردوویی و …هتد
چیرۆکی کۆڵبەرێکی خەڵکی پارێزگای سنە بە نازناوی “حامد” لە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر شێوەی هەڵسوکەوتی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ کۆڵبەرەکان و داهاتی زۆر کەمیان ، پارە وەرگرتنی چەکداران لە کۆڵبەران ، چارەنوسی نادیار دوای دەستبەسەر کران بەڵگەیە لە سەر بارودۆخی خراپی ژیانی کۆڵبەران .
بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ڕاپۆرتدەرانی هانا ، دوو لە سەر سێی تەمەنی کۆڵبەران پێکهاتووە لە مێرمنداڵان و لاوانی تەمەن ١٣ تا ٢٤ ساڵ و یەک لە سەر سێی دیکەیان تەمەنیان لە نێوان ٢٤ تاوەکوو ٧٠ ساڵە کە زۆربەیان خێزاندارن و بەشێکیان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە .
لەو ڕووەوە کە پێویستە دەرچووانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکان لە ئیدارە و فەرمانگە دەوڵەتیە و تایبەتەکان دابمەزرێن و کار بکەن و مێرمنداڵان بە پێی ئایین نامەی مافی مرۆڤ پێویستە لە خوێندنگە و قوتابخانەکان بن ، بەڵام بۆ بەدەستهانی بژیوی ژیانی ڕۆژانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوو لەم کارە دەکەن ، دەکرێت کۆڵبەری نە وەک کارێک بەڵکوو وەک خاسارێکی کۆمەڵایەتی پێناسە و ناو بنێرێت .
لەم ساڵانەدا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە بە شێوەیەک کە زۆربەی ژنانی سەرپەرشتی خێزان لە شار و ئاواییە سنووریەکان خەریکی کۆڵبەرین . کۆڵبەری بۆ ژنان زۆر مەترسیدارترە لە چاو پیاوان . کۆمەڵێک هۆکار وەکوو جیاکاریە دەوڵەتییەکان لە نێوان ژنان و پیاوان لە دامەزراندن و مافەکانیان ، پێنەدرانی مافی چالاکی لە کۆمەڵێک کاری دەوڵەتی وەکوو دادوەری ، سایەقی و … و دۆخی خراپی ئابووری کۆمەڵگا بووەتە هۆکاری ئەوەی ژنان ڕوو لەم کارە مەترسیدارە بکەن .
بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ڕاپۆرتدەرانی هانا داهاتی مانگانەی کۆڵبەران لە نێوان ٧ بۆ ١٠ ملوێن تمەنە و بە پێی هێڵی هەژاری ٢٠ ملوێن تمەنی چاوەڕوان دەکرا دەوڵەتێکی دیمۆکرات و باوەڕمەند بە مەنشوری مافی مرۆڤ بە ڕەقساندنی هەلی کار لە سنوورەکان و دانانی یاسا گومرکیەکان کۆتایی بەم کارە بهێنێت و دۆخەکە باشتر بکات بەڵام کۆماری ئیسلامی بە ئەمنییەتی کردنی ناوچەکە دەستی داوەتە کوشتنی کۆڵبەران و لە میدیا دەوڵەتییەکانیش حاشایان لێدەکات .
بە پێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ساڵی ٢٠٢٤، ٤١ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون و ٢١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون ، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ ، ١٦ کۆڵبەر لە کوردستان گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوون . زۆرێک لەم کەسانە بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە کەمئەندام بوون . ڕاپۆرتی هانا دەریدەخات کە سەرکوتی کۆڵبەرەکان نەک کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو زۆرتریش بووە .
شایانی باسە کە ناسنامەی سەرجەمی ئەو کۆڵبەرانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێدراوە لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراوە .
ئێران لە ١٦ دیسامبری ١٩٦٦ ، پەیوەست بوو بە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە لە لایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا و بە پێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنی ئەم پەیماننامەیە بە یاسای ناوخۆیی دادەنرێت و پێویستە جێبەجێ بکرێت .
بڕگەی یەکەمی مادەی ٦ی ئەم پەیماننامەیەدا هاتووە : مافی ژیان لە مافە سروشتیەکانی مرۆڤە . ئەم مافە پێویستە بە پێی یاسا پشتیوانی لێبکرێت . ناتوانرێت هیچ کەسێک خۆسەرانە و بەبێ مۆڵەت لە ژیان بێبەش بکرێت .
بەم پێیە تەقەی بەردەوامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە کۆڵبەران پێشێلکردنی مادەی ١٤ی پەیماننامەکەیە . لە ئەگەری کەمئەندامی ، پچڕانی دڕکەپەتە یا لێسەندنەوەی ژیان بە شێوەی خۆسەرانە ، بە پێی دەقی ڕاشکاوی ئەم مادە “هەمووان لە بەردەم دادگا و دەسەڵاتە دادوەریەکاندا یەکسانن ، هەموو کەسێک مافی دانیشتنێکی دادپەروەرانە و گشتی هەیە لەلایەن دادگایەکی کارامە و سەربەخۆ و بێلایەنەوە کە بە یاسا دامەزراوە، لە یەکلاکردنەوەی هەر تۆمەتێکی تاوانکاری بەرامبەری یان هەر ناکۆکییەک سەبارەت بە ماف و ئەرکە مەدەنییەکانی ، ئەوە مەرجی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ خێزانی قوربانییەکە دابین دەکات.”
دەوڵەتی ئێران تەنانەت مافی بنەماڵەی قوربانییەکان بۆ داوای دادپەروەری پێشێل دەکات و پراکتیکی دادگاش ئەمە نیشان دەدات. تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی سەربازی تەنانەت لەسەر کوشتنی سیستماتیکی کۆلبەرەکان دادگایی نەکراوە.
کۆلبەری پیشەیەکە دوور لە کەرامەتی مرۆڤ و پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە بەتایبەتی بە پێی پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی پەسند کراوی ١٩٦٦ی نەتەوەیەکگرتووەکان .
لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە قەیرانی ئابوریی ئێستای ئێران کە بە هۆی هەڵاواردنی سیستماتیکی حکوومەتەوە دوو هێندە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی کوردستان هەیە ، سەبارەت بە پەرەسەندنی دیاردەی کۆڵبەری هۆشداری دەدات .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها داوای لێپرسینەوە لە پاسەوانانی سنووری ئێران لە کوشتنی ڕۆژانەی کۆلبەرە کوردەکان دەکات . هانا وێڕای ئەوەی داوای لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە بەشدارن و تێوەگلاون لەم کۆمەڵکوژییەدا ، بە هۆی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیان لە کوردستان داوای دانانی گەمارۆی تەسڵیحاتی لەسەر ئەم دامەزراوە سەربازییە دەکات .