بەردەوامی دەستبەسەرکردنی کاتی و ڕاگوێزانی دیاکۆ تەبەرخون بۆ ژووری تاکەکەسی دوای مانگرتنی لە خواردن

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: دیاکۆ تەبەرخون شارۆمەندی تەمەن ٢٣ ساڵەی خەڵکی مەریوان کە لە زیندانی مەریوان ڕاگیراوە هێشتا لە دەستبەسەری کاتیدایە و دوای تێپەڕ بوونی ٢٠ مانگ هیچ جۆرە حوکمێکی لە لایەن دادگاوە بۆ دەرنەچووە .

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ دۆسیەی ئەم شارۆمەندە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری سنەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت ، بەڵام دەسەڵاتدارانی قەزایی دادگاکانی مەریوان و سنە و هەروەها بەرپرسانی زیندانی مەریوان هێشتا وەڵامی داواکارییەکانی بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان نەداوەتەوە .

بنەماڵەی تەبەرخون بە مەبەستی ئاگادار بوونیان لە لە بار و دۆخی کوڕەکەیان چەندین جار پەیوەندییان بە دامودەزگاکانی دادوەری و زیندانەوە کردووە بەڵام داواکارییەکانیان بەردەوام بێ وەڵام ماونەتەوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، دیاکۆ تەبەرخون پێنج ڕۆژ لەمەوبەر دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کاژێر ٧:٠٠ی بەیانی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراوە . ئەم کارە لە کاتێکدا کراوە کە باری جەستەیی ئەو بەرەو خراپی دەڕوات و هیچ ڕێوشوێنێک بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکەی نەگیراوەتەبەر .

شایانی باسە کە دیاکۆ تەبەرخون لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢، بە شێوەی خۆسەرانە و بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی پێشکەش بکرێت و بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین