بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : دە شارۆمەندی کوردی خەڵکی پیرانشار چەندین هەفتە لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە .لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا نەک تەنیا هیچ زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم کەسانە نەخراوەتە ڕوو ، بەڵکوو دامودەزگا ئەمنیەتیەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکانیشیان کردووە کە نابێت لە سەر دۆخی دەستبەسەر کراوان هیچ جۆرە هەواڵ و زانیاریەک بدەن .
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانای ڕاگەیاند ، کە دامودەزگا ئەمنیەتیەکان هۆشداریان داوەتە بەشێک لە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان کە ئەگەر بێت و هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە ئەوان بڵاو بکەنەوە دەستبەسەر دەکرێن جگە لەوەش پێیان وتراوە تەنانەت لە ئەگەری ئازاد بوونی ئەم کەسانە نابێت هەواڵی ئازاد بوونەکەیان بڵاو بکرێتەوە .
ناسنامەی ئەم ١٠ شارۆمەندە بریتیە لە :
سادق کوردی ، هیوا ئەساسە ، جێگر موجاهدی ، فەرهاد پلە ، هیوا شوجاعی ، موراد ئۆستوار ، نیعمەت ئەحمەدنژاد ، محەمەد سۆهرابی ، ئەنوەر ئیبراهیمی و فەردین مەحمودی خەڵکی پیرانشار .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە ؛ ئەم ١٠ شارۆمەندە دەستبەسەر کراوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان و تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەش کراون .ئەم دۆخە پێشێلکاری ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوان و هەروەها پێچەوانەی یاسای نێوخۆیی و بەڵێنە نێودەوڵەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە بواری مافەکانی مرۆڤ .
دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندانە لە حاڵێکدا ڕوویداوە کە لە مانگەکانی ڕابردوو شەپۆلی دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان لە شارەکانی کوردستان زیادی کردووە . هێزە ئەمنییەکان بە شێوەگەلێک وەکوو دەستبەسەر کردن بێ حوکمی دادگا ، هەڕەشە کردن لە بنەماڵەکان و وڵامنەدانەوە سەبارەت بە دۆخی دەستبەسەر کراوان ، گوشارێکی قورسیان خستووەتە سەر شارۆمەندانی کورد .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خوازیاری :
ڕوونکردنە سەبارەت بە دۆخی ئەم ١٠ شارۆمەندە دەستبەسەر کراوە و ڕاگەیاندنی فەرمی تۆمەتەکانیان ، ڕچاو کرانی مافی یاسایی دەستبەسەر کراوان لەوانەش دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکان و پەیوەندی تەلەفۆنی ، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی هەڕەشە و گوشار لە سەر بنەماڵەکان ، کۆتایی هاتن بە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان و ئازادی بێ مەرجی ئەو کەسانەی کە بە هۆی چالاکی مەدەنی ، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستبەسەر کراون .
بەردەوامی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانەی ئەم ١٠ شارۆمەندە کوردەی خەڵکی پیرانشار و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە پێدانی زانیاری ، نیشانەی سەرکوتی فراوانتری شارۆمەندانی کورد و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە .ئەم دۆخە پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و گوشار لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان .