دەربڕینی نیگەرانیی هانا لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی مونا مەلەکی و توندبوونەوەی گوشارە ئەمنییەکان لە سنە

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مونا مەلەکی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی سنە، لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ەوە تاکوو ئێستا لە دەستبەسەریدایە. مەئموورانی ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری، ناوبراویان لە ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کردووە و بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی سنە (کانوونی چاکسازی و پەروەردە) گواستوویانەتەوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا کەوتووەتە ژێر لێپرسینەوەی توند و گوشاری ئەمنییەوە.

بە تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ، مونا مەلەکی هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆی، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو و پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. بەپێی زانیارییەکانی هانا، دامەزراوە ئەمنییەکان تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل»یان خستووەتە پاڵی، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەم تۆمەتە بە فەرمی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێی ڕاگەیەندراوە یان تەنیا کراوەتە بنەمای لێپرسینەوە ئەمنییەکان.

بەردەوامیی ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی پێشووی سنە و یەکێک لە کەسایەتییە ئەمنییەکانی پێکهاتەی دادوەریی کوردستان، لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ەوە پۆستی سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگاکەی گرتووەتە ئەستۆ. جەباری لە فۆریەی ٢٠٢٣وە بەهۆی بەرپرسیارێتی لە پێشێلکاریی توندی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕۆڵی لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، خراوەتە ناو پێڕستی گەمارۆکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپاوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هانا، ڕەوشی پێڕاگەیشتن بە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە کوردستان، هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی جەباری وەک سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگاکە، رووبەڕووی دۆخێکی خراپی نیگەرانکەر بووەتەوە و تەنانەت کەمترین پێداویستییە یاساییەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا بە کردەوە پشتگوێ دەخرێن. دۆسیەی مونا مەلەکی کە دەستبەسەرکردنەکەی پێش دەستنیشانکرانی جەباری دەستی پێکردووە، ئێستا نموونەیەکە لە بەردەوامیی هەمان ڕێباز؛ دۆسیەیەک کە تۆمەتێکی قورسی تێدا خراوەتە ڕوو، بەڵام تۆمەتبار دوای نزیکەی سێ مانگ هێشتا لە سەرەتاییترین مافەکانی بەرگریکردن بێبەشە و بنەمای یاسایی بەردەوامبوونی دەستبەسەرییەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین